20/05/2026
سڵاو و ڕێز بۆ هاوشاریان و دۆستانی خۆشەویستم..
ماوەیەکە بەهۆی وەستانی پەخشی کەناڵە وەرزشیە ناوخۆییەکانەوە، ڕۆژانە دەیان تەلەفۆن و نامەم پێدەگات و پرسیاری هۆکاری وەستانەکەم لێدەکەن. بە پێویستی دەزانم لێرەوە واقیع و ڕاستییەکان بۆ ئێوەی ئازیز ڕوون بکەمەوە:
لە ساڵی 2018وە کاتێک ئەم پڕۆژەیەم دەستپێکرد، ئامانجم تەنها خزمەتکردنی گەنجان و ماڵە هەژار و کەمدەرامەتەکانی شارەکەم بوو، بۆ ئەوەی بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر بینەری یاری و فیلمەکان بن. لەو پێناوەشدا، بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەموو تێچووەکانم لەسەر شانی خۆم گرت؛ لە سەرەتادا مانگانە تەنها 1000 دۆلار کرێی بینام دەدا، جگە لە تێچووی گەورەی کارەبا، و هەموو شەش مانگێک بڕی 1000 دۆلارم بۆ ئشتراکی کەناڵەکان خەرج دەکرد. دوو کارمەندی خۆم بەردەوام لەوێ بوون و ڕۆژانە خەریکی چاککردنی عەتەڵ و صیانەی ئامێرەکان بوون.
دواتر بۆ ئەوەی پڕۆژەکە نەوەستێت، شوێنەکەم گۆڕی بۆ شوێنێکی هەرزانتر کە کرێیەکەی 750,000 دینار بوو، بەڵام کێشەی نەبوونی کارەبای بەردەوام و تەقین و سووتانی بەردەوامی باتری و عاکیسەکانی شەحن، تێچوویەکی زۆر زیاتری بۆ دروستکردم.
ئێستا، بەهۆی لاوازبوونی کار و کاسبی تایبەتی خۆمەوە، بەداخەوە ئیتر بە هیچ شێوەیەک لە توانای مادیی مندا نەماوە بەرگەی ئەم هەموو مەسروفاتە گەورەیە بگرم و بە تەنها پڕۆژەکە بەڕێوەببەم. پێم خۆش بوو تا تەمەنم مابێت بەردەوام بم، بەڵام بارودۆخەکە لە توانای من دەرچوو.
مژدەیەک بۆ هاووڵاتیان:
لە ئێستادا کۆمەڵێک لە هاووڵاتیان و گەنجانی دڵسۆزی شارەکە، خەریکی ئامادەکردنی داواکارییەکن بۆ لایەنێکی حزبی و بۆردی وەرزشی، بۆ ئەوەی ئەوان لەمەودوا تێچووی مانگانە و کرێی شوێنەکە بگرنە ئەستۆ. لێرەوە ڕایدەگەیەنم: ئەگەر ئەم هەوڵەی ئەو گەنجانە سەرکەوتوو بێت و لایەنێکی بەرپرس هاوکاری مادیی پڕۆژەکە بکات، من بە شانازییەوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێمەوە بۆ خزمەتکردنی ئێوە و بەبێ یەک دینار قازانج، ئامێرەکان و پەخشەکە دەخەمەوە گەڕ.
داوای لێبووردن لە گشت لایەک دەکەم و سوپاسی دڵسۆزیتان دەکەم.